هه‌ڵبژارده‌ی میسری پاڵه‌وانی كیشوه‌ری ڕه‌ش هه‌ڕه‌شه له تانگۆی ئه‌رجه‌نتین ده‌كه‌ن و به‌نیازن گورزێكی كوشنده‌یان لێبده‌ن.
ڕۆژی چوارشه‌ممه هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی میسری پاڵه‌وانی جامی كیشوه‌ری ئه‌فریقاو ئه‌رجه‌نتینی یه‌كه‌می جیهان، له‌یاریه‌كی دۆستانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا ڕوبه‌ڕوی یه‌ك ده‌بنه‌وه، یاریه‌كه له‌قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌مڕۆوه هه‌ڵبژارده‌ی تانگۆی ئه‌رجه‌نتین به‌ره‌و ئه‌و ولاته به‌ڕێكه‌وتون، یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی میسر به‌ته‌واوی خۆیان بۆ ئه‌م ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌یه ساز‌و ئاماده‌كردووه، ئه‌وان له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه وره به‌رزی و لێهاتویی خۆیان ده‌رده‌خه‌ن و نیازیان وایه تانگۆ له‌سه‌ما بخه‌ن.
گۆڵچی ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه "عیسام ئه‌لحه‌زه‌ری" له‌ساتی خۆ ئاماده‌كردن بۆ ئه‌و دیداره بۆ ڕۆژنامه‌ی "مه‌سا‌و"ی میسری وتی "من به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تانگۆ ناترسین، ئێمه كه‌خاوه‌نی دوو پاڵه‌وانێتی یه‌ك له‌دوای یه‌كین بۆ جامی ئه‌فریقا، ئاستمان به‌رزه‌و به‌نیازیشین بردنه‌وه بكه‌ینه دیاری هانده‌رانمان."
هێرشبه‌رو گۆڵكاری میسری "ئه‌بوتریكه" له‌باره‌ی ئه‌و یاریه‌وه ده‌ڵێت " پێم وایه یاریه‌كی به‌هێز ده‌بێت، ئه‌خوازم ببینه سه‌رچاوه‌ی دڵخۆشكه‌ری هه‌وادارانمان، هه‌مومان بێ لایه‌نانه به‌نیازی بردنه‌وه‌و شه‌رمه‌زاركردنی ئه‌رجه‌نتینین."
حوسنی عه‌بد كه‌به‌باشترین یاریزانی پاڵه‌وانێتی جامی كیشوه‌ری ئه‌فریقا هه‌ڵبژێردرا ڕای خۆی له‌باره‌ی ئه‌و یاریه‌وه ده‌خاته‌ڕوو پێی وایه گرنگی تایبه‌تی ده‌بێت چونكه به‌وته‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵێك یاریزانی باش له‌ڕیزی ئه‌رجه‌نتیندان، له‌به‌رامبه‌ردا ئێمه‌ش خاوه‌نی یاریزانی باش و ده‌ستكه‌وتی باشین.